خوێندنەوەی شێعری «ئێوارانە»ی مەسعوود فەتحی - ئەنوەر ھوژەبری
سەرەتا خوێندنەوەی شێعرەکە وەکوو خوێنەرێک:
ئێوارانه (1)
■تاوم لە تاوت هەڵنایە
■بەرین بە زەریا وەك دڵت
■من و شێتی ئەم شەوگارە
■نەخەونی تۆیە لێی داوین
■من و ئەم رەوتە لاسارە
■هەتا بووە وا خوڵقاوین
■دووری لە من
■بستێ رێگام پێ نابینرێ
■لە چی بدوێم رۆژی تۆم لێببێتەوە
■من و خەمنامەی ئەم شێعرە
■قەتیسی یەك بزەی تۆین و
■لە تۆ دا نەبێ نابزوێین
■بكرێوە
■هەناوم گڕكانی تاسە و
■باوەشم هیوای تۆیەتی
■دووری لە من
■جار باران تۆ دەبارێ
■جار ئەستێرە زریوەت
■من و پیاڵە و جگەرەی تۆ
■من و
■شەو و
■هەر شەو و
■تۆ...
■ئەی نەتزانی
■ئەو شەوانەی
■خوڵكی رۆژم لە باوەشتا ئەكردەوە
■كات بۆ هەڵات هەڵاتی بوو...؟
■...چۆڵەوانیت پێ راخستووم
■جارێك بە بەزەیی خەیاڵ
■"تەنیا"ی شاعیر
■لە پێش چاوتا
■بێنەو بەركە
■بیابانم
■بە هیوای بارانی تۆوە
■خەونی شین بوون
■دەكاتە پێستی بەیانی
■هەموو گیانم تامەزرۆتە و
■...تەژیم لە خۆم
ئێوارانه (2)
■لە ئاوێنەی تەنیاییتەوە
■دوو چركە خەریكم بە
■سەروبن تۆم
■رۆژم لە تۆوە بۆ هەڵدێ
■شەوم بە بیری تۆ دەنوێ
■لە ئاوێنەی تەنیاییتەوە
■دوو چركە خەریكم بە
■من یەكەمجارە تەنیا نیم
■من تابلۆیەكم
■شێواوی شێوەی تۆمە و
■تۆ رەنگەكانت لەخۆڕا تێك ئاڵاندووم
■ئێوارانە...
■ئێوارانە
■ بە بیرت دا سەفەر ئەكەم
■هەتا ئەمڕۆ
■ئێوارانە
■رێگا لە بەرم ئەكا هەتا تۆ
■...من رێبواری دوورگەی دووری چاوەكانتم
■ئێوارانە
■شێت دەبم و
■پرسیار پرسیار
■سەرم دەگرمە سەودای تۆ
■...سەرت لە تەنیایی نەنێی!
■ئێوارەیەك میوانم كە
■بە دوو قوم لە خۆشەویستی
■ژەمێك حەزم لە نزیكەوە ببیستە
■جلكی شێعرت لەبەر ئەكەم
■ئێوارانە
■بمبینەوە
■لە سووچێكی
■قەرەباڵغی
■جامخانەی تەنیاییتا
■سەرخۆشی تاڵاوی تۆم و
■تەمەنم
■خەست خەست
■كردۆتە پیاڵەیەك و
■هاوپەیكی یادەكانی تۆم
■ئێوارانە
■خەیاڵی زیزبوونی تۆیە
■دەمكاتە شەو
■...بەم ئێوارانەوە دەژیم!
(مەسعوود فەتحی)
**
خوێندنەوەی شێعرەکە وەکوو ھەڵسەنگاندنێکی فۆرمی و پێکھاتەیی:
(.)
شێعری ئێوارانەی مەسعوود فەتحی لە دوو بەش پێکھاتووە بەشی یەک و
بەشی دوو.. بەشی یەک .
بەشی یەکەم خۆی بەسەر سێ کۆپلە شێعریدا دابەش دەکرێت و بەشی دووەم
بەسەر چوار کۆپلەدا. ئەم کۆپلەبەندییەی مەسعود لە شێعرەکەدا وەک سێکانس بەندی وان
لە سینەمادا، چۆن لە سێکانسێکدا دیمەنێکی فیلمێک دەگۆڕردێت و دەچێتە سەر دیمەنێکی
دیکە لەم شێعرەشدا ئەو دیمەنە بەو شێوەیە گۆڕانی بەسەر دادێت و دەچێتە سەر کۆپلە و
تابلۆی شێعریی دواتر.
سەرلەبەری شێعرەکە لەسەر کێشی پەنجە(خۆماڵیی کوردی) و ھەشت ھەشت،
ھەشت حەوت دێتە پێشەوە و تا دەگاتە بڕێ شوێن کە کێشی دابڕ لێدەدات و ئەکەوێتە سەر
چوار چوار یان دوودوو. ئەمە خۆی لە خۆیدا گۆڕینی ڕیتمی شێعرە و بەپێی ئەو
قورساییەی وشە و دێڕ لای شاعیر دروستی کردووە، ڕیتمی دێڕ و کۆپلەکانی سازاندووە.
شێعرەکە بەم شێوەیە دەست پێدەکات.. تاوم لە تاوت هەڵنایە
..بەرین بە زەریا وەك دڵت. ڕیتم ئارام و ھێور.. نایەوێ لەپڕ و بەبێ
ھیچ پێشەکییەک مێشک و زەینی بەردەنگ دابگرێت و ھەر لەسەرەتاوە قورسایی ڕیتم و
مۆسیقی بخاتە سەر مێشکییەوە. وەک ئارامیی ڕیتمەکە باری مانایی وشەکانیش ئارمن و
ڕەقی و زبریی زۆریان پێوە نابینرێت وەکوو ئەوەی لەناوەڕاستەوە بەرەو کۆتایی کە
دەچێت زمانەکە نەختێ زبر دەبێت گلەیی زیاتری پێوە دیارە و ڕیتمەکەش نەختێ بەرەو
خێرایی دەچێت و قورسایی وشەکانی پێ دەردەخات.
واتە بە ڕیتمی شێعرەکە تەوژمی مانا واتە خێرایی یان ئارامیی
تێپەڕینی تابلۆکان لە زەینی بەردەنگ دا دیاری دەکات ، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی
بەردەنگ (خوێنەر) بە حاڵەت و کەشی شاعیر بزانێت یان لێی نزیک بێتەوە لەو حاڵەتەدا
کە ویستوویەتی شێعرەکە بنووسێت. بە وتەیەکی تر بۆ باشتر دەرک کردن بە چەمک و
ماناکان، شاعیر فۆرم(ڕواڵەت) و ناوەرۆکی یەک خستووە.
(..)
ئەوەی شیاوی سەرنجە لەم شێعرەدا شاعیر لەھەمانحاڵدا کە بابەتێکی
لیریکیی ھەڵبژاردووە بو شێعرەکەی، زۆرجار بێ ھیوایی و دژواری و سەختیی ڕێگا و
ئەستەمی و ھەوراز و نشێوی ڕێگاش دەخاتەڕوو بەڵام وەک وترا لەبەر تەوەربوون و
زاڵبوونی لایەنی دڵداریانە و لیریکی بە شێوەیەکی زیرەکانە ڕەخنەو گازندەکانی بەو
حاڵەتە ھەستەوەرانەیە داپۆشیوە و خوێنەر بە وردبینیی زیاترەوە دەتوتانێت بگاتە
لایەنە شاراوەکان کە باس لە ژیانی ناو کۆمەڵگە دەکەن و شاعیر بەسووچێکی چاو ئاگای
لێیەتی و ڕاستەو خۆ بابەتەکە نادرکێنێت، ئەمەش وایکردووە شێعرەکە لەو زمانە
بەھەستەوە نەگوازرێتەوە بۆ دروشمی ڕووت. وەک لێرەدا نیشانی داوە کە گلەییە لە
چارەنووس بەڵام شاراوە و زیرەکانە..
« من و ئەم رەوتە لاسارە
هەتا بووە وا خوڵقاوین»
(...)
لە یەکەم کۆپلە واتە لەسەرەتای شێعرەکەدا بەم شێوەیە دەست پێدەکات:
« تاوم لە تاوت هەڵنایە
بەرین بە زەریا وەك دڵت
من و شێتی ئەم شەوگارە
نەخەونی تۆیە لێی داوین
من و ئەم رەوتە لاسارە
هەتا بووە وا خوڵقاوین»
ڕازاندنەوەی ئەدەبی و ھێنانەوە جەناس(ی تام).. «تاوم..لەتاوت»..
کەڵک وەرگرتن لە وتەی باوی ناو جەماوەر، بەڵام بەشێوەیەکی دیکە و بەکارھێنانێکی
جیاواز .. «بەرین بە زەریا وەك دڵت».. گیان بەحشین و کەایەتی دروستکردن بۆ
وشەکان(شتەکان) .« نەخەونی تۆیە لێی داوین»، ئەمانە ھەموو پۆشینێکی ڕازاوە و
وەستایانەیە کە کراوەتە بەر مانا و ناوەرۆکی وشە و دێڕە شێعرییەکان.
(...)
«جار باران تۆ دەبارێ»
لەم دێڕە شێعرییەدا جگەلەوەی لەڕووی ناوەرۆک و بابەتەوە
نۆستالۆژیەکی قورس ڕوودەکاتە شاعیر، لەبەر ئەوەی باران وەک دیاردەیەکی سروشتیی
پیرۆز و جوان و خۆشەویست لای مرۆڤ، خاوەن ڕێزە و سۆز و ھەستی مرۆڤ ھان دەدات،
ھێنانەوەی لە شێعردا خۆی ھەست بزوێنە، بەڵام چۆنیەتیی بەکار ھێنانی لەناو ئەم
ڕستەیەدا، نەباو، جوان و زۆر وەستایانەیە. واتە ئەو کارەی ھەمیشە کراوە بەباران و
ئەو ئەرکەی پێی سپێردراوە، ئیدی لێرەدا پێی نەدراوە و ئەرکێکی تازەی پێ دراوە کە
جوانیی دێڕەکەی لەڕووی فۆرم و لەڕووی ناوەرۆکێشەوە یەکجار بردۆتەسەر..باران تۆ
دەباری.. مانایەکی نوێی دروست کردووە کە نەک ھەر لەوتە و ئاخافتنی ئاساییدا نییە
بەڵکوو کەمتر لە شێعری کەسی دیکەشدا بینراوە. یان ئەگەریش بینرابێت، دیسان بەکار
ھێنانەوەی لەناو کومەڵە ڕستەیەکی شێعریی دیکەدا و گونجاندنی لەگەڵ واتا و
ئۆرگانەکانی دیکەی شێعرەکەدا وردبینییەکی شاعیرانە و زەینێکی کونجکۆڵ و دۆزەرەوە و
چاوێکی تیژ و کراوەی دەوێت. ئەمەش بەو مانایەی کە نووسەری ئەم دێڕە و دانەری ئەم
وشانە بەوپەڕی ئاگاداریەوە وشەکانی ڕیز کردووە و ڕستەکان لە خۆوە و لەپڕ نەچوونەتە
سەر قاقەز.
(....)
«تاوم لەتاوت ھەڵنایە» یەکەم دێڕی کۆپلەی یەکەم..«بستێ ڕێگام پێ
نابینرێت».. یەکەم دێڕی کۆپلەی دووەم، کە بەشێوەیەک دەکرێ بگوترێ ئەم دوو کۆپلەیە
وەک دەستپێک پێوەندییەکی زۆریان پێکەوە ھەیە و ئەیانەوێ زەینی خوێنەر بۆ درێژەی
شێعرەکە ئامادە بکەن، ڕێکخستنێکی واتایی تێدا بەدی دەکرێت کە تاو ھەڵنایەتف دنیا
تاریکە، کە دنیا تاریکە ، ڕێگە نابینرێت. ئەگەر ئەم دوو دێڕە بەدوای یەکدا
بھاتایەن ئەوا ھیچ شتێکی وا ڕووی نەدەدا بکرێ باسی بکرێت و وەک لایەنی بەھێز بو
ئەو شێعرە دابنرێت. بەڵام جونکە لەدوو کۆپلەی جیاوازدان ، لە ڕووی ڕواڵەت و
فۆرمەوە ڕێکخستنێکە لە ئێسکەپەیکەری شێعرەکەدا و دەچێتە بازنەی پەرداخت کردنی
فۆرمەوە.
(.....)
لە سەرەتای شێعرەکەوە تا کۆتایی چەند ڕستەیەک لە کۆپلە
جیاجیاکان(لەسەرەتای کۆپلەوە یان لە کۆتاییدا) دانراون کە بۆ خوێنەری بەئاگا و بۆ
ڕەخنەگر مایەی سەرنجن:
«تاوم لەتاوت ھەڵنایە...بستێ ڕێگەم پێ نابینرێت..خەونی شین بوون..
ڕۆژم لەتۆوە بۆ ھەڵدێ.. ئێوارانە خەیاڵی زیزبوونی تۆیە دەمکاتە شەو»
ئاشکرایە کە ئەم ڕستانە پێوەندیی ماناییان پێکەوە ھەیە، کەتاو
ھەڵنەیەت ڕێگە نابینرێت و ھیچ شین نابێت، یان شین بوون دەبێتە خەون «تاوم لەتاوت
ھەڵنایە...بستێ ڕێگەم پێ نابینرێت..خەونی شین بوون». دیسان دەگەڕێتەوە و
دەنووسێت:« ڕۆژم لەتۆوە بۆ ھەڵدێ» کە پێوەندیی لەگەڵ دێڕەکانی پێشوودا ھەیە. کە
دەنووسێت « ئێوارانە خەیاڵی زیزبوونی تۆیە دەمکاتە شەو»، بەتەواوی لەگەڵ نەبوونی
خۆر و بە ھۆی ئەوەشەوە تەقەڵ دەدرێت بە ھەموو دێڕەکانی دیکەوە کە باس کران. واتە
شاعیر ئاگای لەدانانی ڕستەکان بووە و بەو ڕایەڵە ھزری و ماناییە و بە خولقاندنی
تابلۆگەلێک و دانانی کۆدی تایبەت لە تابلۆکاندا چوارچێوەی شێعرەکەی بە یەکەوە
بەستۆتەوە. لەوەش سەرنجڕاکیشتر دروستکردنی دژوازی(پارادۆکس) و لە ھەمانحاڵدا
ھاوواتاییەکی جوانە بە وشەی سەرەتاو کۆتایی شێعرەکە. دژوازی لەوەدا کە وشەی
سەرەتای شێعرەکە«تاو» لەگەڵ وشەی کۆتاییدا «شەو» (بەبێ لەبەرچاو گرتنی دوایین دێڕی
شێعرەکە واتە:« بەم ئێوارانەوە دەژیم!»، کە من پێم وایە زیادییە و نەدەبوا
بنووسرایە) دژوازییەکی فۆرمیکی دروست کردووە. لە لایەکی ترەوە ئەگەر دێڕی سەرەتا و
دێڕی کۆتایی پێکەوە دانێین ئەوە دەبێتە ھاوتاسازییەکی جوان ( ھەڵنەھاتنی تاو و
بوونە شەو). سەرلەبەری ئەمانە وایکردووە کە شێعرەکە قایم و پتەو بێت و پێوەندییەکی
ئۆرگانیکیی تێدا بەدی بکرێت.
(......)
لەڕووی دانانی ڕستەوە کە دەچێتە بازنەی ھاوتەنیشتکردنی وشەکان بۆ
خولقاندنی مانای نەباو، چەند ڕستەیەکی بەجوانی خۆلەشێعرەکەدا دەنوێنن و وەک
ئەستێرەی قەشپە بە ئاسمانی شەوی شێعرەکەوە دیارن(بۆیە دەڵێم ئاسمانی شەوی شێعر
لەبەر ئەوە نییە کە ئەستێرە بەشەودا دیارە، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە شێعرەکە شەو و ئێوارەی
لێ دەبارێت و لە ڕووی بابەت و ناوەڕۆکەوە ڕەشبینیی زیاتر لە گەشبینی پێوە دیارە،
ھەڵبەت ئەمە نە وەک خاڵی بەھێزە نە وەک خاڵی لاواز و تەنیا ئاماژەیەکی خێرایە.)،
ئەویش ئەو ڕستانەن:
« شێتی ئەم شەوگارە / جار باران تۆ دەبارێ / رێگا لە بەرم ئەكا هەتا
تۆ/ سەرم دەگرمە سەودای تۆ/ ژەمێك حەزم لە نزیكەوە ببیستە / ژەمێك حەزم لە نزیكەوە
ببیستە».
لە شوێنە جیاجیاکانی ئەم شێعرەدا ڕستەی ژاکا و بێ ڕەنگ و ڕەنگ بزرکاویش دەبینرێت کە ئیدی ئەوەندە لەناو شێعری شاعیراندا ڕێک ھەر بەو شێوە دووپات بوونەتەوە کە تان و پۆیان تەواو دەرکەوتووە و ئەبێ دیسان و بە شێوەیەکی دیکە بچنرێنەوە دەنا بەکارھێنانیان بەو شێوەیەی ئێستایان ھەڵدێر و سەکتەی زەینی دروست دەکات بۆ خوێنەری شێعرەکە نموونەیان ئەمانەن: باوەشم هیوای تۆیەتی / من رێبواری دوورگەی دووری چاوەكانتم/ هاوپەیكی یادەكانی تۆم.
لە کۆتاییدا دیسان دەڵێمەوە، دێڕی کۆتایی شێعرەکە نەک ھیچ یارمەتییەک نادات بە جوانی و بەھێز کردنی بەڵکوو نەبوونی زۆر باشترە و لە وشەی «شەودا» تەواو کردنی شێعرەکە چوارچێوەکەی ھێندەی تر قایم دەکات بە ھۆی ڕێکخستنێکی فۆرمیکی دیکەوە کە شێعرەکە بە تاو دەست پێ بکات و بە شەو کۆتایی بێت..
http://xebat.net/attachment/PDF/9_26102_15809.pdf
وێبلاگی تایبەتیی منە ئەکرێ ئازارەکانمی تێدا حەشار بدەم. ئەکرێ بیکەمە ماڵێک بۆ ڕۆحم یان ئەکرێت تەنیا بۆ کڕووزی ناخمی لێ بێت. دەلاقەیەکە بۆ چوونەناو خەم و بینینی برینە سەر واڵا و پەتروو نەبەستووەکانی ژیان. تۆ جوانیی تێدا بدۆزەرەوە و خۆشەویستیی تێدا دەستەمۆ بکە