مۆد دوولایەنی ھەیە لایەنێکی چاک و لایەنێکی خراپ.. لایەنە چاکەکەی ئەوەیە
بڕێ دیزاینی نوێ دێتە ئاراوە کە بەکارھێن ئەتوانێ لە نێوانیاندا ھەڵبژێرێت و
باشترینیان بو خۆی دەست نیشان بکات. لایەنە خراپەکەی ئەوەیە
دیزاینکار و کۆمپانییەکان بڕیار دەدەن کە بەکارھێن چی ھەڵبژێرێت.. لەم
پرۆسەیەدا و لە لایەنی دووھەمدا بەکارھێن نەک ھەر بڕیاردەر نییە
بەڵکووبەتەواوی ملکەچی کۆمپانیاکان و دیزاینکارانە.
بەوتەیەکی تر
بەکارھێن وەک ئامێرێک بەرنامەی بۆ دادەنرێت و خەڵکی تر لە بریی ئەو بیر
دەکەنەوە. ئەمە زیاتر لە بواری پێداویستییە فیزیکییەکانی ژیاندایە. جا ئەم
مۆدە کە خۆی بکێشێتە ناو ئەدەبیات و بەتایبەت شێعرەوە ئیدی بنەمای ھەموو
شتێک تێک دەدات و ئەدب و ھونەری ڕەسەن ئانارشییەکی بەمانا ھەرە خراپەکەی
بەسەردا زاڵ دەبێت. ڕێسا و یاساکان، تیۆرییەکان و جوانی و تەکنیک باردەکات.
زۆربەی شاعیرانی ئەمڕۆ کە باسێک دەنووسن یان قسەیان لەگەڵ دەکەیت دەڵێن..
ئێستە باو باوی شێعری کورتە. بەڵام بیر لەوە ناکەنەوە بابەت چوارچێوەی شێعر
دادەڕێژێت. ھەندی بابەت ھەن کە پێویستیانە درێژتر بن و ھەندێ پێویستیان بە
کورتترە. ئێستا لەبەر ئەوەی شێعر دەستی کێشاوەتە شتە ھەرە وردو تەنانەت
تاکەکەشییەکانی ژیانی ڕۆژانەوە بارستای شێعرەکان کورت بوتەوە، ئەمە قەبووڵ ،
بەڵام ئایا ئەم کورت کردنەوە پاسایە بۆ ئەوەی شێعر زمانیشی کورت و بچووک
بکرێتەوە و دابەزێتە ناو کۆڵان و بازاڕی کەسابەت؟ ئایا ئەوە پاسایە بو
ئەوەی شاعیر وەک خەڵکی ئاسایی بدوێت؟ پاسایەک کە بڕێک لە بەناو شاعیرانی
کورد دەیھێننەوە سەرچاوەکەی سێ بابەتە.
یەکەم زۆر ڕاشکاوانە دەڵێم ئەوانە
بەتەواوی لە شێعر بێئاگان. دووەم لاسایی ئەو وەرگێڕانانەدەکەنەوە کە لە
زمانەکانی دیکە و بەتایبەت لە فارسییەوە کە (نەک ھەموویان) زۆربەی
ھەرەزۆریان بەسەقەتی دەگەنە دەستی ئەوان و لە زۆربەی شێعرەکاندا تەیا
ماناکردنەوەکەی دیارە و ھەموو تەکنیک و کار و یارییە زمانییەکانو بواری
ڕیتم و مۆسیقا و جوانیی شێعرەکان فڕێ دەدرین. بۆ نموونە یەکێک لەو بەناو
شاعیرانە کە چەند ڕۆژلەمەوبەر قسەم لەگەڵ کرد وتی:«فڵانی بەڵگەی من بۆ
نووسینی ئەم شێعرانە ، شێعرەکانی سەید عەلی ساڵحییە».
ئەو بادەرە
لەژیانیدا یک شێعری سید عەلیی ساڵحیی نەخوێندۆتەوە. بەڵگەم ئەم دوو
بابەتەیە
1- وەرگێڕانەکانی سەید عەلی ساڵحی چەندە ئەو بابەتانەی تێدا ڕەچاو
کراوە کە لەسەرەوە باسم کردن؟ واتە چەندە تەکنیک و فۆرمی شێعرەکانی ساڵحی
گوازراونەتەوە بو زمانی کوردی؟ 2- خودی ئەو شاعیرە چەندە لەتایبەتمەندیی
شێعرەکانی ساڵحی تێگەیشتووە و ئایا ھیچ وتارێکی بەپێز لەسەر شێعرەکانی
شاڵحی و کەیسانی وەک ئەو بەکوردی لەبەردەستدان؟ لە کۆتاییدا دەڵێم شێعر
وەکوو کراس و پانتۆڵ نییە ببێتە مۆد شێعر ڕێسای ھەیە و دوای ھەست و خەیاڵ
تەکنیک و زمانە کە شێعر دروست دەکات.
تەکنیک و زمان ڕێک پێوەندییان بە
جوانی ناسی و تەنانەت ئەپیستمەی شێعریشەوە ھەیە و خۆنەبان کردن لەو دوو
خاڵە گرینگە شێعر تا زمان یئاخافتنی ئاسایی دێنێتە خوارەوە و تەمەنی ئەو
جورە نووسراوانە تەنیا دووسێ مانگە.