ئەم نامەیە گەر بگاتە دەستی «ئەو» دەسبەجێ ئەڕوات و
سان دەبینێت لە مەسیرەی ئەو ژەنڕاڵانەی جگە لەشەڕێکی جاڵجاڵۆکەیی لەگەڵ خۆیاندا/ ھەرگیز
نەتەندراوە بە قەرەوێڵەیەکەوە لە تونێلێکدا.
- کڵاوەکەت لابەرە/ با سەردارە شکست خواردووەکانی من
ستایشی کەنیشکێک بکەن/ سەری لە شاھنامەوە دەرھێناوە.
با ببێتە ھێلانەی مار و مێروو/ و کوێر بێت ئەوچاوەی جگە بۆ بینینی من دەرنەتۆقیوە
ژەنڕاڵەکانیش مەدالیای شانازی دەدەن لەسەر شان/ ھەر بە دەستی ئەم شێتۆکەی
لەم گۆڕ بۆ ئەو گۆڕ ھەڵاتووە و
بێ ئەوەی ھیچ مارمیلکێک بە دوویەوە بێت
لە چاویلکەیەکی لەڕەش ڕەشتردا خۆی حەشار داوە.
ڕەنگە ئەو مێشەی کەوتۆتە پیاڵە چاییەکەی من گەرەنتیی بختەوەرییەکی فیرعەونی بکات کە منم
بە لای چەپدا ھەڵدەستم وبە بێزەوە لێت دوور دەکەومەوە
کەپس دەبم بە پەنجەرەیەکەوە کە بزمارکوت کراوە بە ئێسکەکانی بنی چاڵێکدا
بفڕە/ لە دەنووکێ چیایەکەوە بفڕە کە ناوی خۆی ناوە باڵندە
با نەختێ لە ڕووبەری قووڵایی و نەختێ لە قووڵایی ڕووبەرەوە پێبکەنین.
بزمارێک ئەگەر بە سنگی بەردێکدا نە/ ئەی بۆ بە ناوەڕاستی مێزیکیدا دانەکوتم؟
چەقی قورسایی زەوی بە کاروانی میلوورەکاندا دەردەکەوێت
کە لە خۆشیی مۆم و ھەنگوێن نووساون بە تەرمی ئەو وشانەدا
کە وێردی زمانی تۆ / بەگیانی تۆ بوون
تۆ سەردانی مەسیرەی ئەو ژەنراڵانە بکە لە شەڕی دەستە و یەخە لەگەڵ خۆیاندا
لە بریی شیری بزنە کێوی ڕۆژێ دوو سێ جار/ ھەڵدەقوڕێنن
پەرداخێک شکست/شکاندن/ شکان
من کە ناشکێم/ دەشکێنم پەنجە گەورە دەستی تەنیا شکاندن و
ئەم پردە ڕوو تێپەڕە لە ھەرکوێیەوە بمھەوێت ئەگەرچی نەمدەویست بۆ منی ھێناوە
زۆر بابەتی پەرداخت نەکراو کە کۆتایی شەو پەرژو بڵاوبوونەتەوە بەزەویدا:
بە نووکی مەقاشیش ئەگەر لێی بچڕم/ بێ گوێدانە منداڵانی ڕاکردوو!
کتێبی ھەزار و یەکشەوی من لەگەڵ- و- تا گریانە-خەندەکانی ئافرەتە سۆزانییەکان چۆن بسازێن؟
ئیدی چیاوازیی چییە/ نییەتی؟ ئەگەر ئەمشەو لەبۆ من
دووکەرت داێبێنیت گریمان لەناوەڕاستەوە کەزیت
یان لە بنەوە برۆت بتاشیت
چەقی قورسایی زەویی من لە سەر ھێڵی بوومەلەرزە قوڵت دەدات و
ئەمە بە تۆچی؟