ئەوەندە لە ئاوێنەتدا سەرقاڵم
کە لە تەنیشتمەوە تێدەپەڕێت جیھان
بێ ئەوەی ئاوڕ بدەمەوە
لە وەرزە خوێناوییەکانیشدا
ئەکرێ عاشق بین
ئێرەیی بە کۆترە باریکە عاشقەکان دەبەم
کە دان دەچننەوە و
بە ئەستێرە و باران کە لاڕوومەتی مانگ ئاسات ماچ دەکەن و
بە گوڵێک کە بە ئاماژەی تۆ دەپشکوێ
لە وەرزە خوێناوییەکانیشدا
دەکرێ عاشق بین.
مەگەر تۆ بێی لەڕێوە
مەگەر سەر دەرێنی لە شکۆفەوە
مەگەر بئەنگوێی لە خۆرەوە
دەنا ڕۆژ تابووتێکە بە سەر شانی ھەورەوە
کە دەمانسپێرێت بە ئاسۆی نادیار و
عەشق ئاسکێکە لە گیانەڵادا
کە سەر دەخاتە سەر شانی باران
وەرە!
بە جەستەی ئاگرەوە وەرە و
جیلوەی برووسکە
ئای دوورە
من لە کوێت ببینمەوە ئەی ئەستێرەی پرشنگدار!
کە بێ تۆ
تا دەمەوبەیان پیر دەبم
کە دێیتەوە
ئەستێرەکان ھەموو دەبنە ئەوین و
لاوێتی لە باراندا لە ڕێوە دێت..