ئاسمان بە جانتایەکی پڕ لە بەفرەوە
لە وێستگەیەکی چۆڵدا
چاوەڕوانی ئافرەتێکی ملپێچ سوورە
قەتارەکان دەڕۆن
ئاسمان دەڕوات و
جانتا لە ناو وێستگەکەدا
بیر لە ئاسمانێ دەکاتەوە
کە جیھان
لە کامێرەی ڕەش و سپییەوە دەبینێت
**
چەن سەخە
با – ھێلانەکەت بێنێ
ڕێک بۆ سەر بانی ماڵێ
کە منداڵان جۆلانێیان
بە لوولەی کوانووەکەیدا ھەڵناوسیوە
کوانووی ماڵەکە خووت پێ دەگرێ
بێ وەی بزانێ
لەق لەقەکان کۆچەرین
**
دەنگی نەوڕەسانی دەریایی
دەنگی شەپۆلی دەریا
چەندە نامۆیە بەو ژنەی
لە پشت پەنجەرەی دارینەوە
تەنیا ماسیگرێ دەبینێ
کە ڕاوی ئەمڕۆی
تەختەی شکاوی بەلەمەکەیەتی
**
چاو لە باڵق بوونی پەپوولەکان بکە
بە ئازارە
بەڵام نەک وەک پیاڵەیەکی تەقیو
یان سەقفێک کە داتەپێت
بەئازارە
ڕێک وەکوو دایکێک کە سبەی
کوڕەکەی دەڕوات بۆ شەڕ
**
ھۆی درزەکانی سەر جەستەم
توند پێوەدانی دەرگا نییە
ھویەکەی ڕۆیشتنی پیاوێکە
بە ئامێری ھەوڕگەرییەکەی
گوڵدانی ئەوینەکەی وا چێ نەکرد
کاتێ بەکۆڵی بیابانەوە جێی ھێشت
درز نەبات .... نەشکێت
**
مامانەکان نازانن
ئەو منداڵەی لەخانەکانی لەشمەوە
ھاتۆتە دونیا
ژانێکە ساڵەھا پێوەی بووم
کە ناوکی ببڕن
سەریناکانی ماڵەوەمان
وشک دەبنەوە.
**