ئەمڕۆ کەباسی پیشەیەک دەکرێت یان ناوی ھەرشتێک دەبرێت، پێناسەیەکی زانستی و پیشەیی لە پشتەوەیە. ئەم پێناسەیە بو خەڵکی ئاسایی زۆر گرینگ نییە، چونکە ئەوان تەنیا ئەوەیان بو گرینگە سوودێک لەبابەتەکە وەر بگرن. یان زانیارییەکیان دەست بکەوێت کە بەکاریان بێت. بەڵام ئایا بو ئەو کەسەش کە ئەو پیشەیە بەشێوەیەکی پرۆفشناڵ دەبێتە پیشەی و ئەو کەس و لایەنەش کە سەرپەرشتیارە، دەبێ چۆن بێت؟ وڵامی ئەم پرسیارە دەکەمە دەسپێک بۆ باسێک لەسەر بێژەر و پێشکەشکاری ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن و دەرخستین جیاوازییەکانیان و ھەروەھا باسکردن لەسەر تایبەتمەندیی پێشکەشکار و بێژەر..
لەوانەیە بۆ وڵامی ئەم پرسیارە ھەندێ کەس چاوەڕوانی ئەوەبن وەکو چۆن پێناسەیەکی کۆنکرێت دەکەین لە/بۆ نموونە موبایل/ و دەڵێین ئامێرێکە کە دووکەس لەڕێگەیەکی دوورەوە دەتوانن لەگەڵ یەک قسەی پێبکەن و دواتر دەچینە سەر تایبەتمەندیی تەکنۆلۆژیکییەکانی، پێناسەیەکی واش لەبێژەر و پێشکەشکار بخەینە ڕوو. بەڵام بۆ مەبەستەکەی ئێمە ئەوە ناگونجێت و ئەبێ لەگەڵ شیکاری و بەرینکردنی باسەکەدا بچینە پێشەوە. چونکە ئەو پێنایەسەی خەڵکی ئاسایی لەمبارەوە لەزەینیاندایە زور جیاوازە لەوەی خاوەنڕایان و مێدیاکارەکان باسی دەکەن.
بێژەر: بێژەر بەوکەسە دەگوترێ کە بەبێ دەستێوەردانی خۆی لەو بابەتەدا کە پێیدەدرێت/تەنیا بۆ خوێندنەوە/ و لە چوارچێوەی ھەواڵ، وتار،دەقی ناو دایکیۆمێنتەکان و...دەقەکە دەخوێنێتەوە. تایبەتمەندیی بێژەر یان بەوتەیەکی دیکە تواناییەکانی دەبێ لە چ ئاستێکدا بێت؟ یەکەم تایبەتمەندی دەنگی کەسەکەیە، دەنگ لێرەدا تەنیا ئەوە نییە کە دەنگێکی زیک، گیراو و وەک لە باسی بێژەراندا دەوترێت دەنگێکی تاریک نەبێت، ڕاستە ھەموو ئەمانە تایبەتمەندین، بەڵام دەنگێ بێژەر پێش ھەموو شتێ دەبێ میکرۆفۆنیک بێت. بەو واتایەی دەنگێکی کراوە بێت و پێویست بە دەنگھەڵبڕین نەکات لە کاتی خوێندنەوەدا. جگە لەوەش دەنگەکە لە سنگەوە سەرچاوە نەگرێت و ئاخێزگەکەی ئەو شوێنەی قوڕگ بێت کە کەوتۆتە ژێر مل تا ئەو شوێنەی سنگ دەست پێدەکات. ئەم تایبەتمەندییەش لە کاتی قسەکردندا پسپۆڕانی دەنگ و دواتر بە تۆمار کردنی دەنگی کەسەکە دەردەکەوێت و ئەزانرێت دەنگەکە چەندە پڕ و میکرۆفۆنیکە. شەفافبوون/زوڵاڵ/ بوونی دەنگ کە بەرانبەرەکەی لە فارسیدا/کدری/ ی پێدەگوترێت و وەک ئەوەیە بە ھۆی سەرمابوونێکی کەمەوە دەنگەکە گیرابێت، تایبەتمەندییەکی دیکەی دەنگی باشە. ھەرچەندە ئەمە تاوا و بەھرەیەکی خۆڕسکە بەڵام زۆر دەنگ ھەن ئەو تایبەتمەندییانەیان تێدا نییە و بە پروڤەکردن لای کەسێکی شارەزای ئەم بوارە ئەتوانرێ بکرێتە دەنگێکی لواو و گونجاو بو بێژەری. بەڵام ئەو تایبەتمەندییانە کامانەن کە کەسەکە دەبێ خۆی بەدەستیان بێنێت.. یەکەم شت ئەوەیە کە ئەو بێژەرە دەبێ ئەو زمانە بە باشی بزانێت کە پێی دەخوێنێتەوە، واتە بێژەریی پێدەکات، ھەم لە ڕووی ڕێنووسەوە و ھەم لە ڕووی ڕێزمانەوە. بو ئەوەی گوشار /تاکید/ی سەر وشەکان بناسێت و دروست گۆی بکات. بۆ نموونە// دەڵێت: دوو کەس لە بەندیخانە ھەڵاتن. لێرەدا گوشار لەسەر فرمانی ھەڵاتن//ـە و لە وشەی ھەڵاتنیشدا گوشار لە پیتی/ھ/ وە دەست پێدەکات و لە پیتی/ڵ/ دا تەواو دەبێت واتە لە پیتەکانی/ا،ت،ن/ دا گوشار ئاساییە و قوڕگ و زمان ئازادانە کاریان پێدەکرێت. جا ئەگەر گوشار لە پیتی /ا/ بەدواوە بێت ئەوا واتای وشە دەگۆڕێت و بیسەر و بەرانبەر بە شتێکی تر تێدەگەن. ھەناسە وەرگرتن یەکێکی دیکە لەوبابەتانەیە کە بێژەر دەبێت وەکوو یەکێک لە ئەستوونەسەرەکییەکانی کارەکەی سەیری بکات. زۆر جار من لە ھەڵسەنگاندنەکاندا بینیومە بێژەرێکی زۆر باش کە ھەموو تایبەتمەندییەکانی دیکەەی ھەبووە بەڵام نەیزانیوە جێگەی وەستان و ھەناسەوەرگرتن لەکوێی ڕستەدایە، لە دیاریکردنی پلە و دەرەجەکەیدا دەرەجەیەکی کەمی پێدراوە. ئەم بابەتەش لەدوو مەسەلەوە سەرچاوە دەگرێت، یەکەم ناشارەزایی بێژەر لە زمان و ڕستە سازی، دووھەم ناشارەزایی لە ڕادەی خێرایی خوێندنەوەی دەق/دەق بەپێی بابەت و جۆری بەرنامەکە خێراییەکەی دەگۆڕدرێت.. کە بابەتێکی دیکەیە و بە ھیوام لە داھاتوودا باسی بکەم/. ئەمەش دەبێتە ھۆی سەرلێشێوانی بەرانبەر.
چەق نەبەستن لەسەر تیپێکی تایبەتی دەنگ یان لاسایی کردنەوەی بێژەرێکی ناسراوی ناوخۆیی یان جیھانی/ کە بەداخەوە زۆربەی ھەرە زۆری بێژەران و ڕێپۆرتەرەکانی کوردستان کەسێکی تەلەفیزیۆن و ڕادیۆ بیانییەکانیان بانگ کردۆتە ناخی خۆیان و بە دەنگی ئەو دەدوێن . ئەمەش بۆتە ھۆی ئەوەی نەک کارەکەیان باش نەبێت بەڵکوو زۆر جار مایەی پێکەنین بێت لای کەسی شارەزای مێدیایی.. بەڵام خۆیان ئەوە نازانن و بەسەرکەوتنی دێننە ئەژمار/.. کە دەڵێم تیپێکی تایبەت لە دەنگدا، باسەکە ئەوەیە بێژەر خەریکە ھەواڵێکی ئاسایی /یان ڕاپۆرتێک/دەخوێنیتەوە لەسەر دروستکردنی جادەی دووسایدی سلێمانی کەرکووک.. ئەوەندە تیپ و حاڵەت بە دەنگی دەدات بیسەر وا دەزانێت شەڕی جیھانیی سێھەم و چوارەم بەیەکەوە ھەڵگیرساوە. ئەوەندە دەنگی حەماسی دەکاتەوە لەشەڕی کەرکووکیشدا بوایە ھەر وای دەکرد.
بێژکردنی ھەموو پێت و وشەکان بە بێ گرفتی زمانی تایبەتمەندییەکی دیکەی بێژەرە. کە لە دوو مەسەلە سەرچاوە دەگرێت: یەکەم گرفتی زمانیی زکماکی کە لەوانەیە کەسێک لە گۆ کردنی ھەنێد پیت یان وشەدا گرفتی ھەبێت و دووھەم ھەڵەشەیی بێژەر و قووتدانی بڕێک لە پیتەکان/من ئەمەم لە چەند بێژەرێکی تەلەفیزۆنەکاندا بینیوە و چەند کەسێکیشیان بە باشترین بێژەر دادەنرێن کە بە داخەوە وانییە و ئەتوانم بڵێم تەنیا دەق دەخوێننەوە و کەمترین تایبەتمەندیی بێژەریان تێدایە.
زیندوویی بێژەر /لە دەنگدا بۆ رادیۆ/ و / لەدەنگ و سیمادا بو تەلەفیزیۆن/.. مەبەست لە زیندوویی ئەوەیە بەرانبەر ھەست بکات بێژەرەکە لەگەێ ئەو دەدوێت واتە ھەستێک لە بێژەردا بێت کە لای بینەر یان بیسەر ئەو ھەستە دروست بکات. بێژەری وامان لە تیڤییەکاندا ھەیە سیماشی دەبینیت ئەوەندە ساردە وادەزانی خەریکە سووکایەتیت پێدەکات یان خۆی زۆر بەزل دەزانێت. ئەوە نیشانەی زاڵنەبوونە بەسەر کارەکەیدا و ھەڵەشەیی و دڵەڕاوکەیەکی دەروونیی ھەیە کە دەبوا پێش چوونە ستۆدیو چارەسەری کردایە. دواتر لە ھەندێ بێژەردا ئەمە دەبێتە تایبەتمەندیی ھەمیشەیی و ناتوانێت لێی دەرباز بێت (سەرنەکەوتوویی بێژەر چەندە دەکەوێتە ئەستۆی خۆی ئەوەندە و زیاتریش لە ئەستۆی بەڕێوەبەرانی مێدیاکاندایە چونکە ئەوان شارەزاییان لەمبوارەدا نییە و ئەو ھەموو ھەڵە و خەتایەیان بەرچاو ناکەوێت کە ڕوژانە نەک دووپات بەڵکوو ھەزار پاتە دەبنەوە) ....